حەوت چالاکوانی خەڵكی سنە کە لەلایەن دادگای ڕێژیمەوە بانگ کرابوون بەدانانی بارمتە ئازاد کران

خۆڕاگری: حەوت چالاکی کارێکاری و مەدەنیی خەڵکی سنە، دوای بانگکردنیان بۆ لقی ٢ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ڕێژیم لە سنە، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتیی ئازاد کران.

ڕۆژی دووشەممە، ١٧ی بەفرانباری ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: سووسەن ڕازانی، سەیدخالید حوسێنی، ئێغباڵ شەبانی، فەردین میرەکی، فەرشید عەبدوڵڵاهی، شەیس ئەمانی و جەمال ئەسەدی، حەوت چالاکوانی کرێکاری و ژینگەیی خەڵكی شاری سنە کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن لقی دادای ڕێژیمەوە بە مەبەستی لێپرسینەوە بانگ کرابوون، بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی ئازاد کران.

ئەو حەوت چالاکوانە ڕۆژی پێنجشەممە، ١٣ی ئەم مانگە، بەپێی ئاگادارییەک کە لەلایەن لقی ٢ی لێپرسینەوەی دادسەری گشتی و ئینقلابی ڕێژیم لە سنەوە بانگ کرابوون، لەوێ حازر بوون و “مێهران ڕەمەزانی”، سەرۆکی دادگاکە بەتۆمەتی تێکدانی ڕای گشتی و پڕوپاگەندە بەدژی حکوومەت دادگایی کردن و پاشان بە وەرگرتنی بارمتە و بە شێوەی کاتیی بڕیاری ئازادکردنی بۆ دەر کردوون.