خۆڕاگری: لە درێژەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی، شەپۆلێکی توندی توندوتیژی و سەرکوت شارەکانی کوردستان و ئێرانی گرتووەتەوە.
ڕۆژی پێنجشەممە، ٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی “٢٩ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی” بەپێی دوایین ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری”، ١٢ هاووڵاتیی دیکەی خەڵكی شارە جیاوازەکانی کوردستان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم و لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستداوە.
ڕۆژی پێنجشەممە، ١٨ی بەفرانبار، خوێناویترین ڕۆژی خۆپیشاندانەکان بوو کە تێیدا چەندین هاووڵاتی کرانە ئامانج؛ لە شاری ئیسفەراین، هاووڵاتییەک بە ناوی بیژەن ئیبراهیمی، لە چوارڕێیانی کاتژمێر “ساعەت”ـی ئەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێرانە گیانی لە دەست دا و هەروەها لە گەڕەکی مەسکەنی شاری کرماشان، هەریەک لە میلاد فەیزی نامیوەندی و ئومێد شوجاعیان، بە گولـلەی جەنگی چەکدارانی ڕێژیم گیانیان لە دەست دا و هەروەها ئەمیرعەلی عەباسیفەر (دوکانەیی) لە گەڕەکی “دەبیر ئەعزەم”ـی ئەو شارە گیانی لە دەست دا.
لە شاری تاران و دەوروبەری؛ ئەسرا تاوەسینیای، هاووڵاتیی خەڵکی سونقور و دانیشتووی تاران و دوو لاوی خەڵکی شاری تیکاب سەربە ناوچەی هەوشار بە ناوەکانی سادق قودسی و ئیلیا قودسی، لە گەڕەکی قەڵای حەسەن خان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی خامنەیی گیانیان لە دەست داوە و هاوکات مێهدی عەبدوڵڵاهی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری قوروە، شەوی هەینی لە تاران لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە گیانی لەدەستدا.
لە پارێزگای ئەلبورز؛ کیانووش شیرین بەیات، هاووڵاتیی خەڵکی سەحنە، لە شاری کەرەج و پەرستارێکیش بە ناوی پەروین عەزیزی، خەڵکی قەسری شیرین، لە شاری ئەندێشە بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم گیانیان لە دەست دا و شاری لە ئەسفەهانیش؛ حسێن شیرکۆڵ، هاووڵاتیی خەڵکی دێلوڕان، بە گولـلەی جەنگی چەکدارانی ڕێژیم گیانی لەدەستدا.
لە لایەکی دیکەوە، عەباس جەعفەری، هاووڵاتیی خەڵکی شارۆچکەی بەدرە لە پارێزگای ئیلام، دوای ئەوەی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا، لەژێر ئەشکەنجەی قورسدا گیانی لەدەستدا و هەروەها ئەم شەپۆلە فراوانەی کوشتن و سەرکوتکردن لە کاتێکدایە کە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هۆشداری دەدەن لە بەکارهێنانی چەکی جەنگی دژی خۆپیشاندەرانی مەدەنی و بێسەروشوێنکردنی دەسبەسەرکراوان.

Be the first to comment