هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی مەهاباد بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا

خۆڕاگری: سیامەند مینا، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی مەهاباد بە دانانی بارمتەی قورس و بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانەی ئەو شارە ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ١ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی، سیامەند مینا، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی گوندی “گردەبەردان”ـی سەربە شاری مەهاباد، پاش تێپەڕاندنی زیاتر لە ١٠ڕۆژ دەسبەسەربوون، بە دانانی بارمتەی قورس بەبڕی ١ملیارد تمەن و بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانەی ناوەندی مەهاباد ئازاد کرا.

ناوبراو ڕۆژی سێشەممە، ١٩ی بەفرانباری ئەمساڵ، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە کە هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەیان، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار و پاش لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندی مەهاباد کرا کە لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەریی کرابوو.

جێێ ئاماژەیە کە، پاش دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە تائێستاش هیچ بەڵگەیەک نییە لەسەر ئەوەیکە کە ناوبراو پێی تۆمەتبار بکرێ و هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتەوەپاڵدراوەکانی لە بەردەستدا نییە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیش لەو بارەیە هیچیان بە بنەماڵەکەی نەگوتووە.