بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم ١٢ هاووڵاتیی دیکەی کورد لە شارە جیاوازەکانی ئێران گیانیان لەدەست دا

خۆڕاگری: لە درێژەی ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی ئێراندا، تەنیا لە ماوەی دوو ڕۆژدا، لانیکەم ١٢ هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی کرماشان، تاران، کەرەج، مەشهەد و ناوچەکانی دیکە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم گیانیان لەدەست داوە.

ڕۆژی یەکشەممە، ٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی “٢٥ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ناوی دوازدە هاووڵاتیی گیانلەدەستداوی دیکەی کوردی ئاشکرا کرد و ڕایەگەیاند: ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی “٨ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زاینیی”، شەپۆلێکی نوێ لە کوشتنی خۆپیشاندەران تۆمار کراوە و لە شاری شاباد سەر بە پارێزگای کرماشان، دوو لاو بە ناوەکانی ئەمیرحوسێن نادری و جەواد نیازی، لە کاتی بەڕێوەچوونی ناڕەزایەتییەکاندا کرانە ئامانجی گولـلەی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم و دەسبەجێ گیانیان لەدەست دا.

هاوکات لە شاری کەنگاوەر، لاوێکی تەمەن ٢٧ ساڵان بە ناوی عەلی گەردکانە لە گۆڕەپانی ئازادیی شارەکە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم گیانی لە دەست دا و هەروەها لە شاری کرماشان، چوار هاووڵاتیی دیکە بەناوەکانی محەممەدڕەزا کیانی‌مەنیش، ماهان ڕۆستەمی، فەرهاد بالش‌زەر و زوهێر ئەمیرخانی، بەهۆی بەرکەوتنی گولـلەی جەنگی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی گیانیان لە دەست داوە.

پەلی ناڕەزایەتییەکان و کوژرانی هاووڵاتییانی کورد تەنیا لە شارە کوردستانییەکاندا قەتیس نەماوەتەوە و هەر لە ڕۆژی پێنجشەممەدا، ئەیووب شاکر هاووڵاتیی خەڵکی شیروانی خۆراسانی باکوور لە شاری تاران، ئارین قاسمی‌فەر خەڵکی کەنگاوەر لە ئیسلام‌شەهر و حەسەن فەلاح، خەڵکی پارێزگای ئیلام لە شاری کەرەج، بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم گیانیان لە دەست داوە و هەروەها لە ڕۆژی هەینیشدا، ١٩ی بەفرانبار، دوو حاڵەتی دیکەی گیانلەدەستدان تۆمار کران؛ سەعید ڕۆستەم‌ئاوایی خەڵکی کەنگاوەر لە شاری مەشهەد و موعین ڕەنجبەر خەڵکی کرماشان لە شاری تاران، بەهۆی تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانەوە گیانیان لەدەست دا.

بەکارهێنانی چەکی جەنگی و تەقەی ڕاستەوخۆ لە بەشی سەرەوەی جەستەی خۆپیشاندەران، نیگەرانیی قووڵی لای ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دروست کردووە و ئەم ڕووداوانە لە کاتێکدان کە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە زۆربەی شارەکانی ئێران و کوردستان بەردەوامییان هەیە و ژمارەی قوربانیان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕوو لە هەڵکشانە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*