چالاکوانێکی مەدەنیی خەڵکی سنە بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکردن ڕەوانەی بەندیخانە کرا

خۆڕاگری: پووریا ئەحمەدی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی سنە، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٦مانگ بەندکردن، دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ئێڤین کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ی هەتاوی، پووریا ئەحمەدی، چالاکوانی خەڵکی شاری سنە، بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای ٦مانگ بەندکردن بە تحمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیم، دەسبەسەر کرا و ڕەوانەی بەندیخانەی ئێڤین‌ـی تاران کراوە.

ناوبراو لەگەڵ ژن و منداڵەکانی ڕۆژی ١٠ی مانگی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراو و پاش ٣مانگ بێسەروشوێنبوون، لەلایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمەوە لە تاران بەتۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی، سزای ٥ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا و پاشان لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ڕێژیمەوە سزاکەی کەمکرایەوە ٦مانگ بەندکردن.