خۆڕاگری: ئومێد مەزڵووم، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد، جارێکی دیکە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆمای ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ی هەتاوی، ئومێد مەزڵووم، هاووڵاتیی خەڵكی مەهاباد و برای “موحسین مەزڵووم بەندکراوی سیاسیی کورد کە لەلایەن ڕێژیمەوە لە سێدارە درا”، بۆ دووهەمینجار لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و ڕفێندراوە بۆ شوێنێکی نادیار.
ناوبراو ڕۆژی ٣ی مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ، پێش لە سێدارەدانی براکەی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرا و پاش چەند ڕۆژێک بەدانانی بارمتەی ١ملیاردتمەنی و بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا و هەروەها موحسین مەزڵوومی برای، بەندکراوی سیاسیی کورد، زستانی ساڵی ڕابردوو دوای ١٨ مانگ بێسەروشوێنبوون لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە زۆرەملێ لەسێدارە درا.