دەسبەسەرکردنی کەسایەتییەکی ئایینیی خەڵكی سەقز لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە

خۆڕاگی: هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، شێخ زاهید شەهابی چالاکوانی ئایینیی خەڵکی سەقزیان بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ڕۆژی شەممە ٢٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ی هەتاوی (١٤ی مارسی ٢٠٢٦)، ماپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هێزە سەرکوتکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی و بەشێوەیەکی دڕەندانە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی شێخ زاهید شەهابی و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەریان کرد و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و تائێستا چارەنووسی نادیارە.

هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسداران دوای دەسبەسەرکردنی ناوبراو، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی و پشکنینێکی توندوتیژانەیان ئەنجام داوە و بەهۆی شێواندنی کەلوپەلەکان و هەڕەشەی بەردەوامی هێزەکان، ئەندامانی بنەماڵەی شێخ زاهید ناچار بوون ماڵەکەیان چۆڵ بکە و سەرەڕای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژ بەسەر ئەم ڕووداوە و بەدواداچوونی بەردەوامی کەسوکاری، تا ساتەوەختی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس، شوێنی ڕاگیران و ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کراون، لەبەردەستدا نییە.

شایانی باسە کە، شێخ زاهید شەهابی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام لەژێر گوشار و چاودێریی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمدا بووە و پێشتریش لە ڕەوتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە کوردستان دەسبەسەر کرابوو و هەروەها لەو دەسبەسەرکردنەی پێشوودا، پاش دوو مانگ لێپێچینەوە و بێبەشکردن لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتنی خێزانی، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*