پێنج هاووڵاتیی خەڵكی شنۆ لەلایەن ڕێژیمەوە سزای بەندکردنیان بەسەردا سەپێندرا

خۆڕاگری: دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری شنۆ، سزای بەندکردنی بەسەر پێنج هاووڵاتیی خەڵکی شارەدا سەپاند کە یەک لەوانە مێرمنداڵێکی تەمەن ١٦ساڵانە.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، پێنج هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ بە ناوەکانی “هیوا شەریفی تەمەن ١٦ ساڵ، شوان بابەکری تەمەن ٣٩ ساڵ، شەفیع بابەکری تەمەن ٣٦ ساڵ، شاهین ئیبراهیمی تەمەن ٢٨ ساڵ و ساڵح سەخاوات تەمەن ٣٧ ساڵان لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمی ئێرانەوە لەو شارە، سەرجەم سزای ٢١ مانگ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندراوە.

سزاکان بەپێی بڕیاری دادگای ڕێژیم ئاوایە: هیوا شەریفی (مێرمنداڵ) سزای ٣ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە، شوانە بابەکری و شەفیع بابەکری کە هەردووکیان بران و ئەندامی بنەماڵەیەکی دادخوازن، هەرکامەیان سزای ٦ مانگ بەندکردن و هەروەها ساڵح سەخاوەت و شاهین ئیبراهیمی هەرکامەیان سزای ٣ مانگ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندراوە.

جێی ئاماژەیە کە، ئەو هاووڵاتییانە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون و دوای ١مانگ ڕاگیران بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتیی ئازاد کران.