ئاماری دەستبەسەر کراوان و حوکم دراوانی چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە مانگی جۆزەردانی ١٤٠٣ی هەتاوی،بە پێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

خۆڕاگری:بە پێی ئامارە تۆمار کراوەکانی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە یەک مانگی ڕابردوو دا، واتە مانگی جۆزەردانی ١٤٠٣ی هەتاوی ٤٣ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە تۆمەتی چالاکی مەدەنی، دژایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر و ڕەوانەی گرتنگە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات کراون، کە بەشێکیان دوای تەواو بوونی لێکۆلینەوە بە بارمتەی قورس ئازاد کراون و بەشێکیان تا ئێستا لە ژێر لێکۆڵینەوە دان وچارەنووسیان ناڕوونە.

هەروەها بە پێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ئەنجومەن لە مانگی بانەمەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی دا، ٦ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە شارە جیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پێشتر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکان دەستبەسەر و لێکۆلینەوەیان لێکراوە،لەلایەن دادگای بە ناو شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران کەیسەکانیان یەک لایی کراوەتەوە و سزای بەندکرانیان بەسەر دا سەپێندراوە.

بە شێوەیەکی گشتی ئەو سەزا دراوانە لە سەر یەک بە ٣٦ ساڵ و ٤ مانگ بەندکرانی تەعزیری و ٢ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو مەحکووم کراون. هەروەها “مامۆستا محەممەد خزرنەژاد” خەڵکی بۆکان کە بە تۆمەتی فەساد لەسەر زەوی،تێکدانی یەکپارچەیی وڵات،تێکدانی ئاسایشی گشتی،حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپێندرا بوو،کە دواتر بە هۆی فشاری کۆمەڵگای مەدەنی حوکمەکەی هەڵوەشایەوە.پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن کۆماری ئیسلامی بەردەوامە و ڕۆژبەڕۆژ لە زیاد بوون دایە.