سێ چالاکی کرێکاری لەلایەن ڕێژیمەوە سزای بەندکردنیان بەسەردا سەپێندرا

خۆڕاگری: مورتەزا سەیدی، محەممەد ئێراننژاد و نەسروڵڵا ئەمیرلوو، لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە بەگشتی سزای ٦ساڵ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندرا.

ڕۆژی دووشەممە، ٤ی پووشپەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: مورتەزا سەیدی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی کامێران، محەممەد ئێراننژاد و نەسروڵڵا ئەمیرلوو، لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمی ئێرانەوە لە شاری “شەهریار”ـی سەربە پارێزگای تاران بە سەرۆکایەتیی قازی “بەهرام پەناهی” بەتۆمەتی پێکهێنانی دەستە و گرووپ بەمەبەستی تێکدانی ئاسایشی گشتی هەرکامیان سزای ٢ساڵ بەندکردن و بەگشتی سزای ٦ ساڵ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندرا.

مورتەزا سەیدی و نەسروڵڵا ئەمیرلوو، ڕۆژی هەینی ٢٦ی خاکەلێوەی ساڵی ڕابردوو، لەگەڵ چەند چالاکی کرێکاری دیکە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی شاری دەسبەسەر کران و هەروەها مانگی بانەمەڕی ساڵی ڕابردووش بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی تاکاتی دادگاییکردنەکەیان لە بەندیخانەی ئێڤین ئازاد کران.

جێێ ئاماژەیە کە، محەممەد ئێراننژادیش لە پەیوەندی لەگەڵ پەروەندەی پێشوویدا، ٥ی پووشپەڕی ساڵی ڕابردوو بەمەبەستی تێپەڕاندنی سزای بەندکردنەکەی ڕەوانەی بەندیخانە کرابوو کە دواتر ڕۆژی ١ی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو، لە بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج ئازاد کرا.