دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی مەریوان لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی خەڵکی مەریوان بەناوی ” ئیدریس دادڕەس” لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ٥ی پووشپەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئیدرسی دادڕەس، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “سەردۆش”ـی سەربە شاری مەریوان و دانیشتووی ئەو شارە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە کە هەڵیانکوتاوەتەوە سەرماڵەکەی بەشێوەیەکی دڕەندانە و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: هێزە چەکدارە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بەشێوەیەکی دڕەندانە و بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵی ئیدرسی دادڕەس و لە پێش چاوی منداڵەکانی و هاوسەرەکەی بەوپەڕێ بێڕێزییەوە دەسبەسەریان کردووە و ڕفاندوویانە بۆ شوێنێکی نادیار و دەستیان بەسەر کەلوپەلە تاکەکەسییەکانیدا گرتووە و ماڵەکەشیان بەتەواوی پشکنیوە.

شایانی باسە کە، تاکاتی ئامادەکردی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش لەو بارەیەوە هیچ وڵامێکی ئەو بنەماڵەیان نەداوەتەوە کە ئەوەش بووەتە هۆی نیگەرانیا.