بریندارێکی شۆڕشی ژینا لە بۆکان سزای بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا

خۆڕاگری: مەتین حەسەنی، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان و برینداری شۆڕشی ژینا، لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی، سزای ٢ساڵ ٧مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

ڕۆژی سێشەممە، ٥ی پووشپەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا مەتین حەسەنی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری بۆکان و یەکێک لە بریندارانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، لەلایەن لەقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ٢ی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لەو شارە، بەتۆمەتی هاندانی خەڵک بۆ شەڕ و کوشتار لەگەڵ یەکتر بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی گشتی و پڕوپاگەندە بەدژی ڕێژیم، سزای ٣١ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێنراوە.

ناوبراو ڕۆژی سێشەممە ٣ ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو،  لە ئاکامی هێرشی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ماڵەکەیان لە شاری بۆکان بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کرا و دواتر ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو بەدانانی بارمتەی قورس بە بڕی ١ملیارد تمەن بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان ئازاد کرا.

شایانی باسە کە، مەتین حەسەنی، لە کاتی شۆڕشی ژینادا بە تەقەی ڕاستوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران چاوی چەپی بریندار کرابوو و ماوەیەک دواتر بۆ چارەسەری پزیشکی ڕووی لە شاری تاران کردبوو و لەوێ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دسبەسەر کرابوو و دواتر بە بارمتە ئازاد کرابوو.