هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی سنە بەدانانی بارمتە ئازاد کرا

خۆڕاگری: کەیوان زەندی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی سنە پاش ماوەی ١٤مانگ دەسبەسەربوون، بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانەی ئەو شارە ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ی هەتاوی، کەیوان زەندی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی سنە، کە ماوەی ١٤مانگە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە، بەدانانی بارمتە بەشێوەی کاتیی تاکاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە ئازاد کراوە.

سەرەڕای تێپەڕکردنی ١٤مانگ دەسبەسەربوون، تائێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەربوون و تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی کەیوان زەندی لە بەردەستدا نییە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لەو بارەیەوە هیچ وڵام و ڕوونکردنەوەیەکیان بە بنەماڵەی نەداوە.

شایانی باسە کە، ڕۆژی چوارشەممە، ٧ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، کەیوان زەندی لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری سنە بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر و ڕفێندرا بۆ شوێنێکی نادیار.