بەندکراوێکی سیاسیی کورد بەشێوەیەکی گوماناوی لە بەندیخانە گیانی لەدەستدا

خۆڕاگری: شاهین گەلەداری، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی ورمێ، بەشێوەیەکی گوماناوی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گیانی لە دەستدا.

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەسەر گیانلەدەستدانی گوماناوی بەندکراوێکی سیاسیی کورد، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: ڕۆژی یەکشەممە، ٦ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ی هەتاوی، شاهین گەلەداری، بەندکراوی سیاسیی تەمەن ٥٠ ساڵانی خەڵکی گوندی “حەکی”ـی سەربە ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ، کە ماوەی سزاکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری ورمێ تێپەڕ دەکرد، بەشێوەیەکی گوماناوی لە ناکاودا گیانی لە دەستداوە.

بەرپرسانی بەندیخانە بە بنەماڵەی گەلەدارییان ڕاگەیاندووە کە کوڕەکەیان خۆی کوشتووە و تەرمەکەی ڕەوانەی پزیشلی دادی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لەو شارە کراوە و هەروەها ئەو بەندکراوە سیاسییە چەندین جار لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە بانگ کراوە هەڕەشەی لێکراوە و ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی دراوە و تەنانەت وەکوو سووکایەتی سمێڵیشیان تاشیوە.

شایانی باسە کە، شاهین گەلەداری ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی ڕەشەممەی ١٤٠٢ی هەتاوی، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەیان بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەرکرا و پاش ماوەیەک بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی تاکاتی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرا و هەروەها  ناوبراو مانگی ڕەشەممەی ١٣٩٩ی هەتاوی، لەلایەن لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئێرانەوە لە ورمێ بەتۆمەتی هەوڵدان بەدژی ئاسایشی گشتی، سزای ٢ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو و مانگی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو، بەمەبەستی تێپەڕاندنی سزای ٢ساڵ بەندکردنەکەی دەسبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گوازرایەوە.