هونەرمەندێکی دەسبەسەرکراوی کورد بەدانانی بارمتە ئازاد کرا

خۆڕاگری: مێهران ڕەحیمی، هونەرمەندی کوردی خەڵکی قووچان، پاش زیاتر لە یەک حەوتوو دەسبەسەربوون، بەدانانی بارمتە ئازاد کرا.

ڕۆژی سێشەممە، ٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: مێهران ڕەحیمی، هونەرمەندی کوردی خەڵکی شاری قووچان سەربە پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی، کە ماوەی زیاتر لە یەک حەوتوو دەبێ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرابوو، بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانە ئازاد کراوە.

ڕۆژی دووشەممە ١ی ڕەشەممەی ئەمساڵ، هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران لە قووچان هەڵیانکوتایە سەر ماڵی مێهران ڕەحیمی و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کرد و گوازسیانەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری ڕاز و جەرگلان لە پارێزگای خۆراسانی باکوور.

ناوبراو پاش چوار ڕۆژ دەسبەسەربوون و لێپرسینەوە، ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی ڕەشەممە ئازاد کرا و هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ڕۆژی یەکشەممە ١ی ڕەشەممە جارێکی دیکە هەڵیانکوتایەوە سەر ماڵەکەی و هەوڵی دەسبەسەرکردنیان دابوو بەڵام نەیانتوانی دەسبەسەر بکەنەوە و هەروەها ئەو هونەرمەندە وەکوو چەندین هونەرمەندی دیکەی کورد لە خۆراسان لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە هەرەشەی لێ کراوە کە بۆی نییە بە جلوبەرگی کوردییەوە لە ڕێوڕەسمەکاندا ئامادە بێت.