چالاکوانێکی مەدەنیی خەڵکی قوروە بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی ڕەوانەی بەندیخانە کرا

خۆڕاگری: تەیموور خالیدیان، چالاکوانی مەدەنی و ژینگەپارێزی خەڵكی قوروە و دانیشتووی مەلایر، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکردن ڕەوانەی بەندیخانەی قوروە کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی، پاش بەڕێوەچوونی دادگاییکردنی تەیموور خالیدیان، چالاکوانی ژینگەپارێزی و مەدەنیی خەڵكی شاری قوروە و دانیشتووی شاری مەلایر لە پارێزگای هەمەدان، بەتۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی نیزامی ڕێژیم، سزای بەسەردا سەپێندرا و هاوکات بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکردنەکەی، لەلایە دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە شاری سریشاوا، دەسبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندی شاری قوروە.

ناوبراو لەکاتی خۆپیشاندانە سەرانەسەرییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا و پاش ٢٠ڕۆژ ڕاگیران بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی تاکاتی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرا و دواتر لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمەوە لە مەلایر، سزای ١ساڵ و ٨مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.