پێدانی مەرەخەسی بە بەندکراوێکی خەڵکی پیرانشار لە بەندیخانەی نەغەدە

خۆڕاگری: جەماڵ عەلیزادە، هاووڵاتیی بەندکراوی خەڵکی پیرانشار لەلایەن بەندیخانەی شاری نەغەدەوە بۆ ماوەی ٤ڕۆژ مەرەخەسی پێدراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ٢٠ی سەرماوەزی ١٤٠٢ی هەتاوی، جەماڵ عەلیزادە، چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری پیرانشار، کە مانگی خاکەلێوەی ساڵی ڕابردوو لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ٣٠مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو، بۆ ماوەی ٤ڕۆژ لەلایەن بەندیخانەی نەغەدەوە مەرەخەسی پێدراوە.

ناوبراو ڕۆژی سێشەممە، ٧ی خەرمانانی ئەمساڵ بە مەبەسەتی جێبەجێکردنی سزاکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندی شاری نەغەدە کرا و هەروەها لەو ماوەیەی کە لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرا، لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەریی کرابوو و دوای سەپاندنی سزاکەشی بەهەمانشێوە لەلایەن دادستانی ڕێژیمەوە لە پیرانشار ڕێگەی پێنەدرا پارێزەر بۆ دۆسییەکەی دەستەبەر بکات.

جێی ئاماژەیە کە، جەماڵ عەلیزادە لە مانگی خاکەلێوەی ساڵی ڕابردوودا لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بە سەرۆکایەتی قازی “ئۆجاقلوو” بەتۆمەتی هاوکاریی لەگەڵ ڕاگەیاندنە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سزای ٣٠مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.