هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی پیرانشار بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی پیرانشار بەناوی “حوسێن مەحموودپوور” بە دانانی بارمتەی قورس و بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانە ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ٢٠ی سەرماوەزی ١٤٠٢ی هەتاوی، حوسێن مەحموودپوور، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی گوندی “گەرگوولی خوارێ”ـی سەربە شاری پیرانشار بە دانانی بارمتەی قورس بە بڕی ٢ملیارد تمەن بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری نەغەدە تا کاتی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرا.

ناوبراو ڕۆژی سێشەممە، ٢٤ی گەلاوێژی ئەمساڵ، لەلایەن ‌هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە پیرانشار کە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵەکەی، دەسبەسەریان کردبوو و لەو ماوەیەی کە دەسبەسەرکرابوو، لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێ‌بەریی کرابوو و هەروەها ماوەی زیاتر لە مانگێک لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوەی لێ کراوە و پاشان گوازراوەتەوە بۆ بەندیخانەی نەغەدە.

جێی ئاماژەیە کە، ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، پاش کۆتایی قۆناغی لێکۆڵینەوە لە حوسێن مەحموودپوور، تۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامییان داوەتە پاڵی.