ژنێکی خەڵکی بۆکان بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکردنەکەی گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ورمێ

خۆڕاگری: فریشتە حوسێنی، خەڵکی بۆکان پێشتر لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە سزای بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو، بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ورمێ.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ٢٠ی سەرماوەزی ١٤٠٢ی هەتاوی، فریشتە حوسێنی، هاووڵاتیی تەمەن ٣٩ ساڵانی خەڵکی شاری بۆکان دوای ئەوەی لەلایەن هێزەکانی جێبەجێکردنی سزاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە بۆکان بانگ کرابوو هەر لەوێ دەسبەجێ دەسبەسەر کرا و بەمەبەستی تێپەڕکردنی سزاکەی کە ماوەی ٨ مانگە، بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ورمێ گوازرایەوە.

فریشتە حوسێنی، ڕۆژی چوارشەممە ٢ی خەرمانانی ئەمساڵ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەرکرا و پاش نزیکەی ٢٠ ڕۆژ بەدانانی بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرا و هەروەها لە مانگی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوودا لەلایەن لقی ١٠٩ی دادگای تاوانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە بۆکان بە سەرۆکایەتیی قازی “ئەمیر کشاوەرزی دیلمقانی” بە تۆمەتی چالاکی تەبلیغی بەدژی حکوومەت سزای ٨ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.