هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهاباد بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکردنەکەی ڕەوانەی بەندیخانە کرا

خۆڕاگری: سۆهراب ئاویزکەن، یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا و خەڵکی مەهاباد، بە مەبەسەتی جێبەجێکردنی سزاکەی بەندکردنەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندی ئەو شارە کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ١٨ی سەرماوەزی ١٤٠٢ی هەتاوی، سۆهراب ئاویزکەن، هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەهاباد و یەکێک لە خۆپیشاندەرە سەرانسەرییەکانی خەڵکی ئەو شارە کە سزای ٣ساڵ بەندکردن و ٣ساڵ دوورخستنەوە لە زێدی خۆی بەسەردا سەپێندرابوو، بە مەبەسەتی جێبەجێکردنی سزاکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندی شاری مەهاباد کرا و هەروەها ئەو سزایە مانگی بانەمەڕی ساڵی ڕابردوو لەلایەن دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامییەوە بەسەریدا سەپێندرا.

سۆهراب ئاویزکەن، مانگی بانەمەڕی ساڵی ڕابردوو لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە، بەتۆمەتی پێکهێنانی گرووپ بۆ تێکدانی ئاسایشی گشتیی و پڕوپاگەندە بەدژی کۆماری ئیسلامیی، سزای ٣ساڵ بەندکردن و ٣ساڵ دوورخستنەوە لە زێدی خۆی بۆ شاری زەنجانی بەسەردا سەپێندرا و ڕۆژی شەممە ڕەوانەی بەندیخانەی مەهاباد کراوە.

ناوبراو مانگی بانەمەڕی ساڵی ڕابردوو لەکاتی خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی ئێران و کوردستان لە شاری مەهاباد، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر و گوازرایەوە بۆ گرتنگەیەکی ڕێژیم لە ورمێ و پاش لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە گواستیانەوە بۆ بەندیخانەی مەهاباد.