سەپاندنی سزای بەندکردن بەسەر دەسبەسەرکراوێکی شۆڕشی ژینا لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی دووهەمین شەهیدکردنی ژینا بەناوی هیوا مورادی، خەڵکی سەقز، لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە، سزای ٨مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندار.

ڕۆژی یەکشەممە، ٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: هیوا مورادی، هاووڵاتیی خەڵكی شاری سەقز و یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی دووهەمین ساڵڕۆژی ژینا ئەمینی، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمەوە بە سەرۆکایەتی قازی “موجتەبا غەفاری” بەتۆمەتی چالاکیی تەبلیغی بەدژی حکوومەت، سزای ٨مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

ناوبراو ڕۆژی ٢٢ی خەرمانانی ئەمساڵ، لە دروبەندی دووهەمین ساڵڕۆژی شەهیدکردنی ژینا ئەمینی بە دەستی چەکدارانی کۆماری ئیسلامی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و پاش ماوەیەک ڕاگیران بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا.