دەسبەسەرکردنی مێرمنداڵێکی خەڵکی مەریوان لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: مێرمنداڵێکی خەڵکی مەریوان بەناوی “ماردین دێهقانی” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ١٧ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی، ماردین دێهقانی، مێرمنداڵی تەمەن ١٨ساڵانی خەڵکی گوندی “سەردۆش”ـی سەربە شاری مەریوان لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم بەبێ هیچ بەڵگەیەک بەشێوەیەکی دڕەندانە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەی ئەو مێرمنداڵە و بە تەواوی ماڵەکەیان پشکنیوە و دواتر ناوبراویان دەسبەسەر کردووە و ڕفاندوویانە بۆ شوێنێکی نادیار و هەروەها تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەربوون، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.