لە پەراوێزی بەخشینی خەڵاتی ئاشتی نۆبێل وبەشداریی لە پێشانگەی دایکانی دادخواز


ڕۆژی شەممۆ ٩ ی دێسامبری ٢٠٢٣، بەرانبەر بە ١٨ ی سەرماوەزی ١٤٠٢، پێشانگەیەک لە یەک لە ساڵۆنەکانی زانستگەیەکی نۆڕوێژ لە ئۆسلۆی پێتەخت، لە لایەن دایکانی دادخواز (مادران دادخواە) بەڕێوەچوو.
لەو پێشانگایەدا، کە بە سەدان وێنەی شەهیدان و گیان لێئەستێندراوانی ئۆپۆزیسیۆنی رێژیمی توتالیتاری کۆماری ئیسلامی ئێران و شۆڕشی ژینا/ مەهسا لە دیوارەکانی ساڵۆنەکە هەڵواسرابوون، کۆمەڵێک لە مامۆستایان و خوێندکارانی زانستگەو ڕێبەرانی حیزب و ڕێکخراوەکانی گەلانی ئێران و کەسایەتییەکان حزووریان هەبوو و ژمارەیەک سەبارەت بە مەبەستی پێشانگەکە و لە قاودانی ڕێژیمی مرۆڤ کوژ و ژن و منداڵ کوژی ئیسلامی سیاسیی لە ئێران قسەیان بۆ بەشداربوان کرد.
نوێنەری ئەنجومەنیی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات و هەروەها کۆمەڵێک کەسایەتی و حیزب و لایەنی سیاسی بەشداری ئەو ڕێوڕەسمە بوون.
هەروەها ڕۆژی یەک شەممە، ڕێکەوتی ١٠ ی دێسامبری ٢٠٢٣ (١٩ ی سەرماوەزی ١٤٠٢)، بەرنامەیەک لەلایەن یەکیەتیی ژنانی دەروەی وڵات و کۆمیتەی نۆڕویژی، کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ لە دەرەوەی وڵات، ڕێکخراوی ژنانی تورک – ئێران، کۆبوونەوەیەک لە نیزیک ساڵۆنئ بەخشینی خەڵاتی ئاشتی نۆبێل بەڕێوەچوو.
لە پەراوێزی ئەو کۆبوونەوانە، بەڕێز حەسەن حاتەمی وتەبێژی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دەرەوەی وەڵات بەشدار بوو،سەبارەت بە گرینگی خەڵاتی ئاشتی نۆبێل بۆ مێدیاکان دواو ، هەر لەو پەیوەندییە دا دیمانەیەکی کورتی لەگەڵ t.v کوردکاناڵ ئەنجام دا. بەڕێز حاتەمی: پیرۆزبایی لە خاتوونی زۆر بوێر و تێکۆشەریی ڕێیی ئازادی و مافی ئینسانی نێرگس محەممەدی، کرد و سەبارەت بە گرینگی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل و پشتیوانی جیهانی پێشکەوتوو و دێمۆکراتیک لە شوێندانەریی و توانای ژنان لە خەباتی ئازادیخوازنە و مافخوازانەی گەلانی ئێران،دوا و بەتایبەتی کە دوو جار لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوو دا، دوو ژن خاتوو شیرین عیبادی و نەرگس محەممەدی، کە هەردووکیان لە نەتەوەی تورک لە ئێرانن، ئەو خەڵاتەیان پێبەخشراوە.