سەپاندنی سزای بەندکردن بەسەر هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکان لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: سەعدوڵڵا ڕەسووڵپوور، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان و یەکێک لە گیراوانی شۆڕشی ژینا، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمە سزای ٩مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا و ڕەوانەی بەدیخانە کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ٢٠ی سەرماوەزی ١٤٠٢ی هەتاوی، سەعدوڵڵا ڕەسووڵپوور، هاووڵاتیی تەمەن ٣٣ساڵانی خەڵکی شاری بۆکان و یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا، پاش ئەوەیکە لەلایەن لقی جێبەجێکاریی داواکاریی گشتی و ئینقلابی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە بۆکان بانگ کراوە، هەر لەوێ دەسبەجێ دەسبەسەر و بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای ٩مانگ بەندکردن ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کرا.

ناوبراو ڕۆژی پێنجشەممە، ٩ی سەرماوەزی ئەمساڵ، لەلایەن دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری بۆکان، بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی گشیی، سزای ٩ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا و هەروەها ڕۆژی چوارشەممە، ٣٠ی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لەو شارە دەسبەسەر کرا و دواتر لە ١٣ی بەفرانباری هەمانساڵ بە دانانی بارمتەی ١ملیارد تمەنی و بە شێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرا.