هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکان بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکردن ڕەوانەی بەندیخانە کرا

خۆڕاگری: جەلال ئەمینی، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان لەلایەن دادسەرای گشتیی و ئینقلابی ڕێژیمەوە لەو شارە بانگ کراوە و بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکردنەکەی دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی بۆکان کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە،٢١ی سەرماوەزی ١٤٠٢ی هەتاوی، جەلال ئەمینی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری بۆکان، کە مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بۆکان، سزای ٣ساڵ و ٨مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو، دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان کراوە.

جەلال ئەمینی، لەلایەن دادگای گشتیی و ئینقلابی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، بەتۆمەتی هاوکارییکردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران، سزای ٣ساڵ و ٨مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە و دوای ئەوەی ناوبراو تانە لە سزاکەی داوە، لەلایەن دادگای پێداچوونەوەوە سزاکەی بۆ ٢ساڵ و ٦مانگ کەم کرایەوە.

جێی ئاماژەیە کە، ناوبراو ڕۆژی دووشەممە، ٢٤ی گەلاوێژی ساڵی ڕابردوو، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراو  ڕۆژی یەکشەممە، ١٣ی خەرمانانی ١٤٠١هەمانساڵ، بە دانانی بارمتەی قورس بە بڕی ١ملیارد تمەن بەشێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ناوەندی بۆکان ئازاد کرابوو و هەروەها لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەریی کرابوو.