مامۆستایەکی خانەنشینکراوی خەڵکی گیەڵان جارێکی دیکە دەسبەسەر کرا

خۆڕاگری: سەلمان ئولفەتی، مامۆستای خانەنشینکراو خەڵکی گیەڵان، جارێکی دیکە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی هەینی، ٢٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ی هەتاوی، مامۆستا سەلمان ئولفەتی، تەمەن ٦٠ساڵان و یەکێک لە چالاکانی مەدەنیی خەڵکی شاری “گیەڵان”ـی سەربە پارێزگای کرماشان و هەروەها مامۆستای پێشووی زانستە کۆمەڵایەتییەکان لە قۆناغی ناوەندیی قوتابخانەکانی ئەو شارە، لەلایەن هێزەکە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە جارێکی دیکە دەسبەسەر کرایەوە.

هێزە تێرۆریستییەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری گیەڵان بەشێوەیەکی دڕەندانە ماشێنی مامۆستا سەلمانیان ڕاگرتووە و بەبێ بوونی ژهیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەریان کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و دواتر هەمان ئەو هێزە سەرکوتکەرەکانی ماڵی ناوبراویان بەتەواوی پشکنیوە و تائیستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسی  لەبەردەستدا نییە.

جێی ئاماژەیە کە، سەلمان ئۆلفەتی ڕۆژی دووشەممە، ٢٥ی بانەمەڕی ساڵی ڕابردوو، پاش ئەوەیکە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەتەواوی ماڵەکەی پشکێنرا و دەستیان بەسەر کەلوپەلە تاکەکەسییەکانیدا گرت، بۆخۆشیان دەسبەسەر کرد و دوای ماوەیەک لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە ڕەوانەی بەندیخانەی دیزڵاوای کرماشان کرا.