دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی پەروەندەیەکی نوێی بۆ سۆعدا خەدیرزادە کردۆتەوە

خۆڕاگری: دیوانی باڵای کۆماری ئیسلامی تۆمەتی “هاولاری لە کوشتن”ـی لەسەر سۆعدا خەدیزادەی ڕەت کردۆتەوە، بەڵام دەزگای قەزایی ڕێژیم پەروەندەیەکی نوێی بۆ کردووتەوە.

ڕۆژی چوارشەممە، ١٦ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لەسەر پەروەندەسازیی کۆماری ئیسلامی بەدژی بەندکراوێکی سیاسیی لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: سەرەڕای ئەوەیکە “سوعدا خەدیرزادە”، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی پیرانشار، وێڕای تێپەڕاندنی سزای ٢ ساڵ و زیاتر لە ٤مانگ بەندکردن، هاوکات لەگەڵ ڕەتکردنەوەی تۆمەتی “هاوکاری لە کوشتن” بۆ ناوبراو لەلایەن دیوانی باڵای ڕێژیمەوە ئیزنی وەرگرتنی مەرەخەسی یان ئازادیی مەرجداری هەیە، بەڵام  لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە پەروەندەیەکی نوێی بۆ کراوەتە و ئەوەش بووەتە ڕێگر لەسەر ئەوەیکە مافی مەرەخەسی پێ بدرێ.

ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی و بنەماڵەی سکاڵاکەر، بە فەرمانی  ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم سەبارەت بە تۆمەتی “هاوکاری لە کڕینی چەک”، پەروەندەیەکی نوێیان بۆ سوعدا خەدیرزادە لە دادگای ڕێژیم لە شاری میاندواو دروست کردووە و لە هەوڵدان کە ماوەی مانەوەی ئەو بەندکراوە سیاسییە لە بەندیخانەدا درێژ بکەنەوە و هەروەها یەکەمین داگاییکردنی ناوبراو، بۆ تۆمەتی وەپاڵدراوی “هاوکاری لە کڕینی چەک”، لە مانگی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی و بە هەڕەشە و بێڕێزییەکانی بنەماڵەی سکاڵەکەر بەڕێوە چوو و چارەنووسی ناوبراو لەگەڵ دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی ناوەندە ئیتلاعاتی و سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم ناڕوونە.

لە درێژەی ڕاپۆرتەکدا هاتووە کە، سەرەڕای ئەوەیکە دادگا ڕەزامەندی دەربڕیوە کە بەپێی یاسا مافی مەرەخەسی سۆعدا خەدیرزادە دەگرێتەوە بەدانانی بارمتەی قورس، بەڵام ناوەندە سەرکوتکەرەکان و ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لە پیرانشار ڕێگرییان لەو بابەتە کردووە و ڕێگە نادانە بەهیچ مەرجێک ناوبراو لە بەندیخانە ئازاد بکرێ.

شایانی باسە کە، سۆعدا خەدیرزادە ڕۆژی ٢٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزیی و یاسایی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لە پیرانشار دەسبەسەر کرا و لە ١٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاویدا لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ کرا و هەروەها ڕۆژی ٢٢ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، یەکێک لە مۆرەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران بە ناوی “خزر پیرۆتی‌نیا”، لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە کوژرا و بنەماڵەی ئەو کوژراوە، ڕایانگەیاند کە هاوسەری سۆعدا خەدیرزادە یەکێک لە بکوژانی ئەو مۆرەیەی سپا بووە، هەر بۆیە ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم ناوبراویان لەبری هاوسەرەکەی دەسبەسەر کردووە.