بەندکراوێکی سیاسیی کورد لە بەندیخانە مانی لە خواردن گرت

خۆڕاگری: بەندکراوێکی سیاسیی خەڵکی ورمێ بەناوی “کامران قاسمی” لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ مانی لە خواردن گرتووە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ١٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ی هەتاوی، کامران قاسمی، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شاری ورمێ، دوای ئەوەیکە لەلایەن بەرپرسانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە ڕێگری ئەوەی لێکرا کە مافی مەرەخەسی پێ بدرێ، لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ بە نیشانەی ناڕەزایەتیی دەربڕین مانی لە خواردن گرتووە.

ناوبراو بۆ ماوەی ١ساڵ بەناڕوونی چارەنووسی لە بەندیخانەدا مایەوە، دواتر لە سەرماوەزی ساڵی ١٣٩٩ی هەتاویدا، لەلایەن لقی ٢ـی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمەوە لە شاری ورمێ، بەتۆمەتی هەوڵدان بەدژی ئاسایشی گشتی و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی، سزای ١٠ ساڵ و یەک ڕۆژ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا و دواتر ئەو سزایە بۆ ٧ساڵ و شەش مانگ کەمکرایەوە و هەروەها کامران قاسمی، مانگی ڕەزبەری ١٣٩٨ی هەتاوی،  لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا.

جێی ئاماژەیە کە، ناوبراو دوای ڕاگەیاندنی مانگرتنەکەی، لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەی ورمێوە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کراوە.