بەرپرسی بەرەی یەکگرتووی کورد پاش تێپەڕاندنی سزاکەی لە بەندیخانە ئازاد کرا.

خۆڕاگری: سیاوەش حەیاتی، بەرپرسی بەرەی یەکگرتووی کورد، دوای تێپەڕاندنی سزای بەندکردنەکەی لە بەندیخانەی دیزڵاوای کرماشان ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ١٦ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ی هەتاوی، سیاوەش حەیاتی، وتەبێژی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنی یارسان و بەڕێوەبەری بەرەی یەکگرووی کورد، دوای تەواوبوونی ماوەی سزاکەی کە ١ساڵ بەندکردن بوو، لە بەندیخانەی دیزڵاوای کرماشان ئازاد کرا و پێشتر بەرپرسانی ئەو بەندیخانەیە لەژێر گوشاری ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە کرماشان، بێجگە لە ڕێگری لە ناردنی ناوبراو بۆ مەرەخەسی، لە دەستپێڕاگەیشتنی پزیشکیش بێبەری کرابوو.

سیاوەش حەیاتی ڕۆژی شەممە، ٢٣ی بانەمەڕی ئەمساڵ، پاش دەسبەسەرکردنی لەلایەن لقی ١ی ئیدارەی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای گشتی و ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمی ئێران لە شاری شاباد، بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای ١ساڵ بەندکردن، ڕەوانەی بەندیخانەی دیزڵاوای کرماشان کرا کە پشیتر لەلایەن لقی ٥ی دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامییەوە لە کرماشان بەتۆمەتی چالاکی میدیایی بەدژی حکوومەت  بە لێدوان و چاوپێکەوتن لەگەڵ ڕاگەیاندنە دژبەرەکانی ڕێژیم، سزای ١ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو.

شایانی باسە کە، سیاوەش حەیاتی ڕۆژی چوارشەممە، ٩ی سەرماوەزی ئەمساڵ، لە ڕێگای کرماشان بۆ سەحنە لەلایەن هێزە چيکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا و دوای زیاتر لە مانگێک ڕاگیران، بەدانانی بارمتە لە بەندیخانەی دیزڵاوا ئازاد کرا و هەروەها ڕۆژی هەینی، ١ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو، لە گوندی “ورگمە”ـی سەربە شاری داڵاهۆ دەسبەسەر کرابوو و ڕۆژی ١٦ی ڕەزبەری هەمانساڵ، دیسان بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی دێزڵاوا ئازاد کرابوو.