سێ هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی بۆکان بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکردن ڕەوانەی بەندیخانە کراون

خۆڕاگری: حوسێن ئەحمەدی، کازم مام‌ئیسمائیل و یوونس مەحموودزادە، ٣ هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان کە پێشتر سزای بەندکردنیان بەسەردا سەپێندرابوو، دەسبەسەر و بۆ جێبەجێکردنی سزاکەیان ڕەوانەی بەندیخانەی شارەکە کراون.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ٢١ی سەرماوەزی ١٤٠٢ی هەتاوی، یوونس مەحموودزادە، بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای ٣٠ مانگ بەندکردن، حوسێن ئەحمەدی ٢٧ مانگ و کازم مام‌ئیسماعیل بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٩ مانگ بەندکردن، دوای بانگکردنیان لەلایەن لقی جێبەجێکردنی سزاکانی دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی لە بۆکان، دەسبەسەرکران و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گوازرانەوە.

حوسێن ئەحمەدی، پێشتر سزای ٣ ساڵ بەندکردن و یوونس مەحموودزادە، سزای ٣ ساڵ و ٨ مانگ بەندکردن و هەروەها کازم مام‌ئیسمائیل، سزای ١ ساڵ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندرابوو، لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ڕێژیمی ئێران لە بۆکان، بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئەو سزایەی بەسەردا سەپاندوون.

جێی ئاماژەیە کە، هەرسێکیان ڕۆژی دووشەممە ٧ی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لە بۆکان دەسبەسەر کراون و پاش تێپەڕبوونی ٢ حەوتوو لە ڕاگیرانیان، بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەیان لە بەندیخانە ئازاد کران.