مامۆستایەکی ئایینیی خەڵکی پیرانشار بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکردن ڕەوانەی بەندیخانە کرا

خۆڕاگری: زانا خووشامن، مامۆستای ئایینیی خەڵکی پیرانشار و یەکێکە لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا، بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی دەسبەسەر و گوازراوەتەوە بۆ بەندیخانەی نەغەدە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٢٢ی سەرماوەزی ١٤٠٢ی هەتاوی، مامۆستا زانا خووشامن، مامۆستای ئایینیی خەڵکی گوندی “شیناوێ”ـی سەر بە شاری پیرانشار دوای بانگکردنی لەلایەن جێبەجێکاری سزاکانی دادسەرای گشتی و ئینقلابی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لەو شارە، هەرلەوێ دەسبەجێ دەسبەسەرکرا و بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی کە ماوەی ٢ساڵ و ١ مانگ بەندکردنە، بۆ بەندیخانەی ناوەندی شاری نەغەدە گوازراوەتەوە.

مامۆستا زانا پێشتر لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری مەهاباد بە سەرۆکایەتیی قازی “ئەمیر ئۆجاقلۆ” بەتۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، سزای ٢ساڵ و ١مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

جێی ئاماژەیە کە، مامۆستا زانا خووشامن، مامۆستای قوتابخانەی زانستە دینییەکانی سەلاحەددین ئەیووبی پیرانشار، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی ڕەزبەری ئەمساڵ، لەگەڵ هاوسەرەکەی بەناوی “سنوور قادری” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە لە پیرانشار دەسبەسەرکران و هاوسەرەکەی دوای دوو ڕۆژ ئازاد کرا و بۆخۆشی گوازرایەوە بۆ یەکێک لە گرتنگەکانی ڕێژیم لە ورمێ.