سەپاندنی سزای بەندکردن بەسەر چالاکێکی کرێکاریی خەڵکی سنە لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: فواد فەتحی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی سنە و دانیشتووی تاران، لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە تاران، سزای ٤ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ١١ی سەرماوەزی ١٤٠٢ی هەتاوی، فواد فەتحی. چالاکی کرێکاریی خەڵکی شاری سنە و دانیشتووی شاری تاران، لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە تاران بە سەرۆکایەتی قازی “ئەفشاری” بەتۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، سزای ٤ساڵ بەندکرد، قەدەغەکردنی سەفەرکردن بۆ دەرەوەی وڵات بۆ ماوەی ٢ساڵی بەسەردا سەپێندرا و هەروەها ڕێگەی پێ‌نادرێ بۆ ماوەی ٢ساڵی لە تاران و دەورووبەری نیشتەجێ بێت.

ناوبراو ڕۆژی شەممە، ١٣ی خەزەڵوەری ئەمساڵ، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ئێڤین و لەلایەن لێکۆڵەری لقی ٧ی دادسەرای “ئێڤین” تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی بەسەردا ساغ بۆوە.