سەپاندنی سزای بەندکردن بەسەر چوار مامۆستای ئایینیی خەڵکی پیرانشار لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: یونس نۆخا، شەریف مەحموودپوور، سەید سولەیمان ئەحمەدی و سەید جەماڵەدین واژی، چوار مامۆستای ئایینیی خەڵکی پیرانشار لەلایەن دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینیی ڕێژیمەوە لە ورمێ سەرجەم سزای ١١ساڵ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ٢١ی سەرماوەزی ١٤٠٢ی هەتاوی، دادگای تایبەت بە ڕوحانییەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ورمێ، بە تۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی ڕێژیم، تێکدانی بیروڕای گشتی و واژۆکردنی بەیاننامەی مامۆستایانی کوردستان بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی ژینا، بەکۆی گشتی سزای ١١ساڵ بەندکردنی بە سەر مامۆستایان؛ یونس نۆخا، شەریف مەحموودپوور، سەید سولەیمان ئەحمەدی و سەید جەماڵەدین واژی، چوار مامۆستای ئایینی خەڵکی پیرانشار سەپاند.

مامۆستا یونس نۆخا، یەکێک لە مامۆستایانی قوتابخانەی زانستە ئایینییەکانی سەلاحەدینی ئەیووبیی پیرانشارە کە سزای ٣ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە و مامۆستا سەید سولەیمان ئەحمەدیش یەکێک لە مامۆستایانی قوتابخانەی زانستە ئایینییەکانی سەلاحەدینی ئەیووبیی ئەو شارەیە کە ئەویش سزای ٤ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە و مامۆستا شەریف مەحموودپوور، پێشنوێژی مزگەوتی “ڕەسوولەڵڵا”ـی پەسوێی پیرانشار، سزای ٢ساڵ بەندکردن و مامۆستا جەماڵ واژی، پێشنوێژی هەینیی “پەسوێ” سزای ٢ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە کە بەکۆی گشتی سزای ١١ساڵ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندراوە.

مامۆستا یونس نۆخا، ڕۆژی چوارشەممە، ٤ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کرا و ٣ڕۆژ ڕاگیران بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی ورمێ ئازاد کرا و هەروەها ڕۆژی دووشەممە، ٢٦ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، لەلایەن لقی ٦ی دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینییەوە لە تەورێز بە سەرۆکایەتی قازی “عەلی‌ئەسغەر هۆشیار” سزای بەندکردن و لێستاندنەکەی جلی مامۆستایەتیی ئایینیی بەسەردا سەپێندرا.

مامۆستا شەریف مەحموودپوور و مامۆستا سەید سولەیمان ئەحمەدی، لە مانگی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوودا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کران و پاش ٢٠ڕۆژ ڕاگیران، بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەیان لە بەندیخانەی ورمێ ئازاد کران.

هەروەها مامۆستا سەید جەماڵەدین واژی، ڕۆژی دووشەممە، ٣ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر و پاش زیاتر لە ١٥ڕۆژ ڕاگیران بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانە ئازاد کرا.