بەرپرسی دەسبەسەرکراوی لێژنەی تۆپی پێی سەقز بە دانانی بارمتەی قورس ئازاد کرا

خۆڕاگری: شێرکۆ حیجازی، بەرپرسی لێژنەی تۆپی پێی سەقز پاش زیاتر لە ٣مانگ دەسبەسەربوون، بە دانانی بارمتەی قورس و بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٣ی سەرماوەزی ١٤٠٢ی هەتاوی، شێرکۆ حیجازی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شاری سەقز و بەرپرسی لێژنەی تۆپی پێ و یەکێک لە چالاکانی مەدەنیی ئەو شارە، پاش زیاتر لە ٣مانگ دەبەسەربوون، بە دانانی بارمتەی قورس بە بڕی ٢ملیارد و ٤٠٠ملیۆن تمەن، بەشێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندی شاری سەقز ئازاد کرا.

شێرکۆ حیجازی، ڕۆژی دووشەممە، ٢٠ی خەرمانانی ئەمساڵ، لە ئاکامی هێرشی ژمارەیەکی زۆر لە هێزە چەکدارەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لە شاری سەقز، بە لێدان و بێڕێزی‌کردن لە شوێنی کارەکەی خۆی دەسبەسەر کرا و پێشتریش لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران شاری سنە بەمەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێ بەسەختی لەژێر گوشار و ئەشکەنجەدا بووە.