بەندکراوێکی کورد لە بەندیخانەی ئێڤین مانی لە خواردن گرت

خۆڕاگری: پەرهام پەروەری، خەڵکی شاری سەقز، لە بەندیخانەی ئێڤین‌ـی تاران، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بەو سزایە کە بەسریدا سەپێندراوە، مانی لە خواردن گرت.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ٦ی پووشپەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، پەرهام پەروەری، هاووڵاتیی وەرزشوان و خوێندکاری خەڵکی شاری سەقز، لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی کە پاش ٩مانگ ئەشکەنجە و دان پێدانانی زۆرەملی لە بەندیخانەی ئێڤین، لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە سزای ١٠ ساڵ بەندکردنی تەعزیری بەسەردا سەپێندراوە.
جێی ئاماژەیە کە، پەرهام پەروەری، زیاتر لە ٩ مانگە، لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ئەشکەنجە و ئازار دراوە و دواتر بە شێوەیەکی نامرۆڤانە سزای ١٠ساڵ بەندکردنی تەبعید لە زیندانی جاسک ٥ ساڵ بەند کردنی دیکە لە زیندانەکانی تری بەسەردا سەپێندراوە و ناوبراو سزاکەی بە ناڕەوا زانیوە و لە بەندیخانەی ئێڤین‌ـی تاران مانی لە خواردن گرتووە.