ناڕوونی چارەنووسی بەندکراوێکی خەڵکی بۆکان پاش ٧مانگ دەسبەسەرکردن

خۆڕاگری : دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ٧مانگ بەسەر دەسبەسەرکردنی عوسمان مامە هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” عوسمان مامە، تەمەن ٥٥ ساڵ و خەڵکی شاری بۆکان، زیاتر لە ٧مانگە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕفێندراوە و تا ئێستا هێچ زانیارییەکا لەسەر بارودۆخ و شوێنی ڕاگیرانی لە بەردەستدا نییە.
جێی ئاماژەیە کە، بنەماڵەی عوسمان مامە لەو ماوەیەدا چەندین‌جار بە مەبەستی وەرگرتنی زانیاریی لەسەر دۆخی ناوبراو سەردانی ئیدارەی ئەماکن، ئیتلاعات، ئیتلاعاتی سپا، دەزگای قەزایی، بەندیخانەکانی بۆکان و هەموو ناوەندە ئەمنی و قەزاییەکانی ڕێژیمیان کردووە و هیچ وڵامێکیان دەست نەکەوتووە.