دوو هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار بۆ جێبەجێکردنی سزاکەیان ڕەوانەی بەندیخانە کران

خۆراگری: دوو هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار بەناوەکانی “ناسر سوڵتانی و جووتیار ئەشرەفزادە”، بە مەبەسەتی جێبەجێکردنی سزای بەندکردنەکەیان کە ماوەی ٣١ مانگە، ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندی شاری نەغەدە کراون.

ڕۆژی چوارشەممە، ١٥ی سەرماوەزی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: ناسر سوڵتانی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “خورینج”ـی شاری پیرانشار، لە نامەیەکی ئاگادارکردنەوەی ئێلێکترۆنیکیدا لەلایەن لقی ١ی جێبەجێکردنی سزای تاوانەکانی دادسەرای گشتی و ئینقلابی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پیرانشار، ناوبراو ئاگادار کراوەتەوە کە دەبێ ڕۆژی شەممە، ١٨ی سەرماوەز بە مەبەسەتی جێبەجێکردنی سزاکەی کە ماوەی ١٠مانگ بەندکردنە، خۆی بە بەندیخانەی شاری نەغەدە بناسێنێ.

ناسر سوڵتانی پێشتر لەلایەن دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری مەهاباد، بە تۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی سزای ١٠مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو و هەروەها ڕۆژی دووشەممە، ١٢ی پووشپەڕی ئەمساڵ، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و پاش قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە، بە دانانی بارمتەی قورس بە بڕی ٥ملیارد تمەن بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانە ئازاد کرا.

هاوکات لەلایەکی دیکەوە، جووتیار ئەشرەفزادە، هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار کە لە کاتی شۆڕشی ژینادا دەسبەسەر و دواتر لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە سزای بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو، بە مەبەسەتی جێبەجێکردنی سزای بەندکردنەکەی کە ماوەی ٢١مانگە ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندی شاری نەغەدە کراوە.

جووتیار ئەسرەفزادە، یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیە، لە مانگی خەرمانانی ئەمساڵدا لەلایەن دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی گشتی و پڕوپاگەندە بەدژی نیزام، سزای ١ساڵ ٩مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا و بە مەبەسەتی جێبەجێکردنی سزاکەی دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی نەغەدە کراوە.

پێویستە بگوترێ کە، هاوکات هاوسەری جووتیار بەناوی “مەهوەش تەوەسولی”لەلایەن هەمان دادگای ڕێژیمەوە بە تۆمەتی پڕوپاگەندە بەژی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سزای ٢ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە و کە ماوەی بەندکردنەکەی دەبێ بە پێبەندی ئێلێکتۆنیکییەوە بێت لە ماڵەکەی خۆیدا.