سزای بەندکردنی چالاکێکی کرێکاری خەڵکی مەریوان لە دادگای تێهەڵچوونەوە پەسەند کرا

خۆڕاگری: سزای بەندکردنی ئازاد خانچەزەر، چالاکی کرێکاریی خەڵکی مەریوان لە لقی ٤ی دادگای تێهەڵچوونەوەی ڕێژیم لە پارێزگای سنە، پەسەند کرا.

ڕۆژی پێنجشەممە، ١٦ی سەرماوەزی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لقی ٤ی دادگای تێهەڵچوونەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پارێزگای سنە لە ڕۆژی ٤ی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ، تانەی “ئازاد خانچەزەر” چالاکی کرێکاری و کۆمەڵایەتیی خەڵکی شاری مەریوانی ڕەت کردەوە و بڕیاری پەسەندکردنی سزای بەندکردنی لەدژی ناوبرا دا.

هەروەها دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە مەریوان، بەپێی ڕاپۆرتەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شارە، بەتۆمەتی “پڕوپاگەندە بەدژی نیزامی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ڕێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە” سزای ٦مانگ بەندکردنی تەعزیری بەسەر ئازاد خانچەزەردا سەپاند.

جێی ئاماژەیە کە، ناوبراو ڕۆژی سێشەممە، ٢٩ی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە کە بەبێ بوونی هێچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی هەڵیانکوتایە سەرماڵەکەی، بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کرد و هەروەها ڕۆژی دووشەممە، ١ی ڕەشەمەی هەمانساڵ، بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا.