دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی دێولان لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: پێدرام حوسێنپەناهی، هاووڵاتیی خەڵکی دێولان و دانیشتووی سنە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی، پێدرام حوسێنپەناهی، هاووڵاتیی خەڵکی ئاوایی “قوڕوچای”ـی سەر بە شاری دێولان و دانیشتووی شاری سنە، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی لە خاڵی پشکنینی نێوان دێولان بۆ سنە دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی زانیارییەکان، ناوبراو بەمەبەستی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەی “محەممەد فەرامەرزی”، بەندکراوی سیاسیی لەسێدارەدراو، ویستوویەتی سەردانی شاری دێولان بکات کە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی خامنییەوە دەسبەسەر کراوە و لە پاش دەسبەسەرکردنییەوە تائێستا چارەنووسی ناڕوونە و هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە.

جێی ئاماژەیە کە، تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسی پێدرام حوسێنپەناهی لە بەردەستدا نییە.