هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵكی بانە بەدانانی بارمتەی قورس و بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا

خۆڕاگری: سامان کەریمی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵكی بانە، پاش زیاتر لە ٢مانگ و نیو ڕاگیران بە دانانی بارمتەی قورس و بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ١٨ی گەلاوێژی ١٤٠٤ی هەتاوی، سامان کەریمی، بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵكی شاری بانە کە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو و ٢مانگ و ١٥ڕۆژ لەمەوبەر لەگەڵ هاوژینەکەی “فەرزانە ڕەشیدی” لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەرکرابوون، بە دانانی بارمتەی قورس بە بڕی ٥ملیارد تمەن و بەشێوەی کاتی تا کۆتایی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کراوە.

ناوبراو سەرەتاکانی مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ، لە یەکێک لە گرتنگەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە لە بانە گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ئەو شارە و هەروەها فەرزانە ڕەشیدی هاوسەریشی گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سەقز و هەروەها فەرزانە ڕەشیدی، ڕۆژی ٥ی گەلاوێژ بە دانانی بارمتەی ١میلیارد و نیوی و بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانەی ئەو شارە ئازاد کرابوو.