ناڕوونی چارەنووسی هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵكی کامێران پاش نزیکەی مانگێک

خۆڕاگری: فەرزاد مەردۆخی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی کامێران نزیکەی مانگێکە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە و چارەنووسی ناڕوونە.

ڕۆژی سێشەممە، ٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕاگەیاند: فەرزاد مەردۆخی، هاووڵاتیی خەڵكی شاری کامێران نزیکەی ماوەی ٢٨ڕۆژە لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و چارەنووسی نادیارە.

ناوبراو ڕۆژی ٨ی مانگی ڕەزەری ئەمساڵ، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی بەشێوەیەکی دڕەندانە و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی کە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و تائیستا سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیکەی یەکمانگ ڕاگیران، هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکەشی بێائاکام ماوەتەوە.

 جێی ئاماژەیە کە ئەو هاووڵاتییە پێشتر لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی، لە کاتی شۆڕشی ژینادا جارێکی دیکە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و ساڵی ڕابردووش جارێکی دیکە دەسبەسەر کراوە و هەروەها ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا تائێستا لە مافیت دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.