دەسبەسەرکردنی بەکۆمەڵی هاووڵاتییانی خەڵكی کرماشان لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: لەماوەی ١٣ڕۆژی ڕابردوودا هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانە لە کرماشان لانیکەم ١١٥هاووڵاتییان دەسبەسەر کردووە.

ڕۆژی سێشەممە، ٣ی پووشپەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: لەماوەی ١٣ڕۆژی ڕابردوودا و لەکاتی شەڕی ئیسرائیل و ئێران، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران شەپۆلێکی دەسبەسەرکردنیان دەست پێکرد و لانیکەم ١١٥هاووڵاتیی خەڵكی شاری کرماشانیان بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کردووە.

هەرلەو بارەیە حەمیدڕەزا کەریمی، دادستانی گشتی و ئینقلابی ڕێژیمی ئێران لە پارێزگای کرماشان وتی: لەماوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، هێزە سەرکوتەرەکانی ڕێژیم تائێستا ١١٥هاووڵاتیی خەڵكی کرماشانیان بەتۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی حکوومەت و سیخوڕی بۆ ئیسرائیل دەسبەسەر کردووە و لەنێویاندا هاووڵاتییەکی خاوەن وڵاتمانەی ئورووپاییە و لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە دۆسیەی بۆ کراوەتەوە.

 جێی ئاماژەیە کە، ٥٤کەس لەو هاووڵاتییانە بەشێوەی کاتیی و بەدانانی بارمتە تاکاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کراون و کۆماری ئیسلامی بەمەبەستی ترساندن و تۆقاندنی هاووڵاتییان شەپۆلێکی دڕەندانەی دەسبەسەرکردنیان بۆ سەر هاووڵاتییانی کوردستان و ئێران دەست پێکردن و هەر لەوپێوەندییەدا چەند کەسێکیشی بەتۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لەسێدارە دا و ئێستاش گیانی بەندکراوانی سیاسیی لە مەترسیدان.