بەندکراوێکی سیاسیی کورد مەترسیی جێبەجێکردنی لەسێدارەدانی لەسەرە

خۆڕاگری: ڕەزا ڕەسایی، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی کرماشان کە  سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە، ئەگەری جێبەجێکردنی سزاکەی لە ئارادایە.

ڕۆژی شەممە، ٨ی بانەمەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لە ڕاپۆرتێکدا لەسەر مەترسیی لەسێدارەدانی ڕەسا ڕەسایی، ڕایگەیاند: ناوبراو پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بەرپرسی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لە شاری سەحنە، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێرانەوە سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا مەترسیی جیددی هەیە کە سزای لەسیدارەدانەکەی جێبەجێ بکرێ.

لە ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی، لە شاری “سەحنە”ـی سەربە کرماشان، لەکاتی خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی شۆڕشی ژینا، هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هەڵیانکوتایەوە سەر خۆپیشاندەران و ڕووبەڕووبوونەوەی لەنێوان خۆپیشاندەر و ئیتلاعاتدا دروست بوو و لەئاکامدا بەرپرسی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم کوژرا و دەزگای قەزایی ڕێژیمیش تۆمەتی کوشتی ئەو بەرپرسەی خستە ئەستۆی ڕەسا ڕەسایی و بەوهۆیەوە سزای لە سیدارەدانی بەسەردا سەپێندرا و ئێستاش مەترسی ئەوەی لەسەر کە سزاکەی جێبەجێ بکرێت.