
خۆڕاگری: فەرشاد شکوروڵڵاهی و برازاکەی بەناوی سمکۆ شکوروڵڵاهی خەڵکی سەقز لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٧ی ڕەزبەری ١٤٠٣ی هەتاوی، فەرشاد شکوروڵڵاهی و سمکۆ شکوروڵاهی، دوو ئەندامی یەک بنەماڵەی خەڵکی شاری سەقز، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی کە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەیان بە شێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردووە.
هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی پاش پشکنینی ماڵەکەیان و دەسبەسەرکردنی ئەو مام و برازایە، دەستیان بە سەر مۆبایل و کەلوپەلە کەسییەکانیاندا گرتووە و لە ئاکامدا پاش لێکۆڵینەوە لێپێچینەوە، سمکۆ شکوڕوڵڵاهی کە خاوەنی وڵاتنامەی “کانادا”ـیە ئازاد کراوە و فەرشادی مامیان پاش لێکۆڵینەوە گواستوویانەتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندی سەقز و تائێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و چارەنووسی لەبەردەستاد نییە.