ئاماری دەستبەسەر کراوان و حوکم دراوانی چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە مانگی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی،بە پێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

خۆڕاگری:بە پێی ئامارە تۆمار کراوەکانی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە یەک مانگی ڕابردوو دا، واتە مانگی جۆزەردانی١٤٠٢ی هەتاوی ٥٤کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە تۆمەتی دژایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر و ڕەوانەی گرتنگە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات کراون کە بەشێکیان دوای تەواو بوونی لێکۆلینەوە بە بارمتەی قورس ئازاد کراون و بەشێکیان تا ئێستا چارەنووسیان ناڕوونە.

هەروەها بە پێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ئەنجومەن لە مانگی جۆزەردان دا، ٢٣ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە شارە جیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پێشتر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکان دەستبەسەر و لێکۆلینەوەیان لێکراوە،لەلایەن دادگای بە ناو شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران کەیسەکانیان یەک لایی کراوەتەوە و سزای بەندکران و پێبژاردن و قامچیان بەسەر دا سەپێندراوە.

بە شێوەیەکی گشتی ئەو سەزا دراوانە لە سەر یەک بە ١٠١ ساڵ ١٥ ڕۆژ بەندکرانی تەعزیری و ٨ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو و لێدانی ٧٤ قامچی  چەندین ساڵ دوور خستنەوە لە زیدی خۆیان مەحکووم کراون. هەروەها ڕۆژی ٣١ی جۆزەردان هێمن مستەفایی خەڵکی مەریوان دوای ١٢ ساڵ مانەوە لە بەندیخانە لە سیدارە درا کە بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی سپای پاسداران حوکمی سێدارەی بەسەر دا سەپێندرابوو.ناوبراو پێشتر ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکان بووە کە دواتر گەڕاوەتەوە بۆ ئێران.