سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر دوو بەندکراوی سیاسیی کورد لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: دوو بەندکراوی سیاسیی خەڵکی بۆکان بە ناوەکانی ڕەئووف شێخ‌مەعرووفی و محەممەد فەرەجی، دوای سێ ساڵ لە دەسبەسەرکردن و بێچارەنووسی، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە ٦ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ی هەتاوی (٢٤ی فێوریەی ٢٠٢٦ی زایینی)، لقی یەکی دادگای ئینقیلابی ئیسلامیی ڕێژیمی ئێران لە مەهاباد ڕەئووف شێخ‌مەعرووفی و محەممەد فەرەجی، دوو بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شاری بۆکانی بە تۆمەتی موحارەبە و ئەفساد فی‌الارزی بە سێدارە مەحکووم کردووە و بەشێوەی فەرمی لە بەندیخانەی بۆکان پێیان ڕاگەیەندراوە.

ئەو دوو بەندکراوە سیاسییە لەکاتی شۆڕشی ژینا و لە ڕێکەوتی ٥ی بەفرانبار و ٣ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە لە شاری بۆکان دەسبەسەر کران و بۆ ماوەی چەندین مانگ لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە ورمێ لەژێر توندترین ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیدا بوون بۆ وەرگرتنی “دانپێدانانی زۆرەملێ” و دواتر بۆ بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان گوازراونەتەوە.

جێی ئاماژەیە کە، بنەماڵەی ئەو دوو بەندکراوە سیاسییە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لەژێر گوشار و هەڕەشەدا بوون بۆ ئەوەی هیچ زانیارییەک لەسەر دۆخی ڕۆڵەکانیان بڵاو نەکەنەوە و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ پێشتر چەندین جار هۆشدارییان لەسەر مەترسیی دەرکردنی سزای سێدارە بۆ ئەم دوو لاوە کوردە دابوو.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*