سەپاندنی سزای بەندکردن و لێدانی قامچی بەسەر دوو دەسبەسەرکراوی شۆڕشی ژینا لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: مەتین سیاهی و دیار بەختیاری، دوو هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان و لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا لەلایەن ڕێژیمەوە، سزای بەندکردن و لێدانی قامچییان بەسەردا سەپێندراوە.

ڕۆژی شەممە، ٨ی بانەمەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: مەتین سیاهی و دیار بەختیاری، دوو هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی شۆڕشی ژینا لە شاری بۆکان، لە سەرەتای مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵەوە، بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکرانەکەیان دەسبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان گواسزاونەتەوە و تائێستا لەو بەندیخانەیەدا ڕاگیراون.

ئەو دوو لاوە دەسبەسەرکراوە، پێشتر لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە بۆکان بەتۆمەتی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکانی شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی” هەرکامیان سەرجەم سزای ١٥ مانگ و ١١ ڕۆژ بەندکردن و لێدانی ٣٠ زەربەی قامچییان بەسەردا سەپێندرا کە بەپێی یاسا کۆکردنەوەی سزاکان قورسترین سزا واتە سزای ٨ مانگ دەسبەسەرکردنیان بۆ جێبەجێ دەکرێت.