دەسبەسەرکردنی چالاکێکی مەدەنیی خەڵکی سەردەشت لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: ڕامین حەسەن‌نژاد، چالاکی مەدەنیی خەڵکی گوندی “سیسێر”ـی سەربە شاری سەردەشت لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ١٧ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، ڕامین حەسەن‌نژاد، چالاکی مەدەنیی خەڵکی گوندی “سیسێر”ـی سەربە شاری سەردەشت، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و گواستراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هێزە داگیرکەرەکانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسداران، بەبوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ڕامین حەسەن‌نژاد و بە شێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردووە و هەروەها سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس، شوێنی ڕاگیران و ئەو تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵی لە بەردەستدا نییە.