بەردەوامیی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: لەماوەی یەک ڕۆژدا لە شارەکانی شنۆ، بۆکان، سەقز و دیواندەرە، ٩ هاووڵاتیی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراون.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ٢٠ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، لە درێژەی دەسبەسەرکردن و هەڵکوتانە سەر خەڵکی کوردستان لەلایەن ڕێژیمەوە، دوو هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ بە ناوەکانی “زانیار مەقدوور و فەردین خۆش‌خاهش” هیوا تاتایی، خەڵکی سەقز، ئومێد کەریمی، خەڵکی دیواندەرە و سێ ئەندامی بنەماڵەیەک لە بانە بە ناوەکانی “سەعید، محەممەد و ئارمان محەممەدی” و هەروەها دوو هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی بۆکان بە ناوەکانی “سیامەک پیرۆتی و بێهزاد وەفادار” لەلایەن هێزەکانی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.

سەعید و محەممەد محەممەدی، خەڵکی بانە، پاش چەند کاتژمێرێک ئازاد کراون بەڵام ئارمان محەممەدی لە پێوەندییەکانی تالەفوونیی کورتخایەندا باسی لەوە کردووە کە گوازراوەتەوە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیم لە شاری سنە.

لە هەمانڕۆژدا، لە شاری بۆکان سیامەک پیرۆتی و بێهزاد وەفادار، سەرۆکی ڕێکخراوی زێڕفرۆشانی بانە لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و هەروەها  لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییاندا، “زانیار مەقدوور و فەردین خۆش‌خاهش” هاووڵاتیی خەڵکی شاری شنۆ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراون.

شایانی باسە کە هاوکات، هیوا تاتایی خەڵکی سەقز و ئومێد کەریمی، خەڵکی دیواندەرە، لە ماڵەکانی خۆیاندا لەلایەن هێزە چيکدارەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون کە هیوا تاتایی بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لەسنە گوازراوەتەوە و هیچ زانیارییەکیش لەسەر شوێن و دۆخی ئومێد کەریمی لە پاش دەسبەسەرکردنییەوە لەبەردەستدانییە.