مامۆستایانی ئایینی کوردستان داوای هەڵوەشانەوەی سزای سێدارەی مامۆستایەکی ئایینیان کرد

خۆڕاگری: ژمارەیەک لە مامۆستایانی ئایینی کوردستان داوایان لە دەزگای دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێران کردووە  کە سەپاندنی سزای سێدارەی مامۆستا محەممەد خزرنژاد هەڵبوەشێنێتەوە.

ڕۆژی شەممە، ٢٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: ژمارەیەک لە مامۆستایان و زانایانی ئایینیی کوردستان لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکی دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێران، داوایان کردووە کە؛ سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر مامۆستا “محەممەد خزرنژاد”ـدا دوورە لە دادپەروەری و وێڕای ڕەتکردنەوەی هەموو تۆمەتە هەڵبەستراوەکان، داوای ئازادکردنی ئەو مامۆستایەیان کردووە.

مامۆستا محەممەد خزرنژاد، مامۆستای ئایینی ٤٥ ساڵانی خەڵکی شاری بۆکان کە لە کاتی خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی ژن، ژیان، ئازادیدا لە لایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لەو شارە دەسبەسەر کرابوو، لە لایەن لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە ورمێ بە سەرۆکایەتیی قازی “ڕەزا نەجەفزادە”، بەتۆمەتی “افساد فی‌الارض”، چالاکی بەدژی ئاسایشی گشتی و بانگەشەی دژبە حکوومەت، سزای لەسێدارەدان و ١٦ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.